سودانی سوپاسی گۆتێرێس دەکات و ناوی یەکێک لە شەقامەکانی بەغدا بە ناوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دەنێت
ئەمڕۆ شەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، دووپاتیكردەوە كە كۆتایی هاتنی نوێنەرایەتیی هاوكاریی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق (یۆنامی) نیشانەی كۆتایی هاتنی هاوبەشی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان نییە.
لە میانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كە ئاژانسی موتەڵع بەدواداچوونی بۆ كرد و سەرۆك وەزیران ڕایگەیاند : عێراق هەڵوێستەكانی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەرامبەر بە عێراق بە نرخ دەزانێت، ئاماژەی بەوەشكرد كۆتایی هاتنی یۆنامی بە مانای كۆتایی هاتنی هاوبەشی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان نییە.
ئاماژەی بەوەشكرد : حكومەت سەركەوتوو بووە لە چەسپاندنی بناغەكانی دیموكراسی لەڕێگەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەوە، ڕوونیشیكردەوە عێراق لە هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەكانەوە بۆ پشتبەستن بە سەرچاوەكانی خۆی گواستراوەتەوە.
لەكۆتایش ووتی: سەرەڕای تەحەددیاتەكان، ئاسایش و سەقامگیری و چەندین دەستكەوتی نیشتمانیمان بەدەستهێناوە و چاوەڕوانی دامەزراندنی پەیوەندی لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین لەسەر بنەمای بنەماكانی هاوبەشی.
