سەرۆک کۆمار پابەندبوونی تەواوی دەوڵەتی عێراقی بەپاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکان بە ئێزیدییەکانەوە دووپاتدەکاتەوە
سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، ئەمڕۆ دووشەممە ١٥ی کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، لە کۆشکی بەغداد ، پێشوازیکرد لە میر حازم تەحسین بەگ سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ڕۆحانی ئێزیدییان.
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەدەستی موتەڵع کەوتووە،بڵاویکردەوە لەدیدارەکەدا باس لەبارودۆخی گشتی وڵات و پرسی تایبەت بەکۆمەڵگەی ئێزیدییان کرا وجەختیش لەپێویستی چارەسەرکردنی دەرئەنجامەکانی ئەو تاوانانەی بەرامبەریان ئەنجامدرا و ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و پەرەپێدانی سەقامگیری کۆمەڵایەتی کردەوە.
سەرۆک کۆمار پابەندبوونی تەواوی دەوڵەتی عێراقی بەپاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکان بە ئێزیدییەکانەوە دووپاتکردەوە کەبەشێکی ڕەسەنی ناسنامەی نیشتمانین و جەختیشی لە پاراستنی فرەچەشنی ئایینی و کلتووری پایەیەکی بنەڕەتییە لە بنیاتنانی دەوڵەتدا کردەوە.
هەروەها بەڕێزیان ڕوونی کردەوە کەسەرۆکایەتی کۆمار پرسی ئێزیدییەکان دەخاتە پێشینەی ئەرکە نیشتمانی و مرۆییەکانی خۆیەوە، ئاماژەشی بە گرنگی هەوڵی هاوئاهەنگ لەنێوان ڕێبەرانی ئایینی و کۆمەڵایەتی و دامودەزگاکانی دەوڵەت کرد ، کەدەبنە ڕێگا چارەی دەستەبەرکردنی دەرئەنجامەکانی ئەو کارەساتانەی کەبەسەریاندا هاتووە.
لەلای خۆیەوە میر حازم، گرنگیدانی سەرۆک کۆمار و هەڵوێست و پاڵپشتییەکانی لەمەڕ پرسی ئێزیدییەکان بەرز نرخاند و پێزانینی خۆی بۆ ئەو هەوڵانە دەربڕی کەبۆ دادپەروەری بەرامبەر بەقوربانییان و بەرەوپێشبردنی پێکەوە ژیانی نیشتمانی دراون.
