فوئاد حسێن وهاریس جەخت لەسەر پێویستی کارکردن بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە دەکەنەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە، و جۆشوا هاریس، هەڵسوورێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، جەختیان لەسەر پێویستی هێورکردنەوەی دۆخەکە لە ناوچەکە و کارکردن بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لە وەزارەتی دەرەوەوە گەیشتە ئاژانسی هەواڵی موتەڵع، هاتووە: "فوئاد حسێن، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوە، پێشوازی لە جۆشوا هاریس، هەڵسوورێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، کرد."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "لە میانی کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییە دوولایەنەکان لەنێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تاوتوێ کران، و ڕێگاکانی بەهێزکردنیان بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بکات، و هاوکاری لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی، ئابووری و ئەمنیدا پتەوتر بکات."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، وەزیری دەرەوە ئاماژەی بە "جووڵەی سیاسیی بەردەوام لە عێراق و گفتوگۆ بونیادنەرەکان لەنێوان کوتلە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ" کرد، جەختیشی لەسەر "گرنگیی چەسپاندنی سەقامگیری سیاسی و بەهێزکردنی لێکتێگەیشتنی نیشتمانی کردەوە کە بە شێوەیەکی ئەرێنی لەسەر ڕێڕەوی پڕۆسەی دیموکراسی ڕەنگ بداتەوە."
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "هەردوو لایەن گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانیان تاوتوێ کرد، و بیروڕایان سەبارەت بە پرسەکانی جێی بایەخی هاوبەش ئاڵوگۆڕ کرد، جەختیان لەسەر گرنگیی هەماهەنگی و ڕاوێژکردن سەبارەت بە ئاڵنگارییەکانی ئێستا کردەوە."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوو لایەن، جەختیان لەسەر "پێویستی هێورکردنەوەی دۆخەکە لە ناوچەکە و کارکردن بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان کردەوە، بە شێوەیەک کە بەشداری بکات لە پشتگیریکردنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی."
