عێراق پێشوازی لە دەنگدانی مێژوویی کۆنگرێس دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەی دوو دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوە پێشوازی خۆی دەربڕی بۆ دەنگدانی مێژوویی کۆنگرێسی ئەمریکا، بە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانەوە، لەسەر هەڵوەشاندنەوەی دوو دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی عێراق.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کەدەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە، دەڵێت: "پێشوازی لە دەنگدانی مێژوویی کۆنگرێسی ئەمریکا دەکات، بە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانەوە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی دوو دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی عێراق بۆ ساڵانی ١٩٩١ و ٢٠٠٢، ئەوەش لە چوارچێوەی پڕۆژە یاسای دەسەڵاتی بەرگری نیشتمانی بۆ ساڵی ٢٠٢٦، و وەزارەت چاوەڕوانی پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکەیە لەلایەن سەرۆک دۆناڵد ترەمپەوە".
بەیاننامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "تەواوکردنی قۆناغەکانی هەڵوەشاندنەوەی ئەو دوو دەسەڵاتەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی، کە زیاتر لە سێ دەیە بەسەریاندا تێپەڕیوە، ئاماژەیە بۆ گۆڕانی قەناعەتی یاسادانەرانی ئەمریکا بەهۆی ژمارەیەک هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکییەوە، هەروەها ئەم هەڵوەشاندنەوەیە بە خاڵێکی وەرچەرخانی جەوهەری دادەنرێت لە گۆڕینی سروشتی یاسایی پەیوەندی نێوان هەردوو وڵات، و بناغەیەک بۆ شێوازێکی نوێی پەیوەندی دادەنێت کە لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سەروەری عێراق و کۆتاییهێنان بە میراتی جەنگ بێت، جگە لە بەهێزکردنی چوارچێوەی هاوبەشی ستراتیژی، بەجۆرێک کە پەیامێک بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەنێرێت کە عێراق بووەتە ژینگەیەکی ئارام و سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنان".
وەزارەت جەختیشیکردەوە: "هەڵوەشاندنەوەی دوو دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لاواز ناکات، چونکە دەسەڵاتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ ساڵی ٢٠٠١، کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتێمبەر دەرچووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەی پەیوەست پێیەوە، هێشتا کاری پێ دەکرێت".
هەروەها وەزارەت، بەپێی بەیاننامەکە، دووپاتیکردەوە: لەسەر پابەندبوونی حکومەتی کۆماری عێراق بە "بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان بەجۆرێک کە بەشدار بێت لە بنیاتنانی هاوبەشییەکی درێژخایەن، کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو وڵاتی دۆست بکات و پشتیوانی لە سەقامگیری ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات".
