وەزارەتی کار: دوو ملیۆن و 200 هەزار خوێندکار لە مینحەی خوێندکاران سوودمەند دەبن
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دووپاتیکردەوە: دوو ملیۆن و 200 هەزار خوێندکار لە مینحەی خوێندکاران سوودمەند دەبن.
وتەبێژی وەزارەت حەسەن خەوام، بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: "مینحەی خوێندکاران دەکەوێتە چوارچێوەی تەرخانکراوەکانی وەزارەتی پەروەردە، لەکاتێکدا ڕۆڵی وەزارەتی کار تەنها لە لایەنی جێبەجێکردن دایە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی بۆ گواستنەوەی پارەکە و خەرجکردنی بۆ ئەوانەی شایستەن"، هەروەها ڕوونیکردەوە: کە "ژمارەی سوودمەندان لە مینحەکە گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 200 هەزار خوێندکار".
خەوام ئاماژەی بەوەشکرد: "کۆی گشتی ئەو بڕە پارانەی بۆ مینحەی خوێندکاران خەرجکراوە لەوەتەی حکومەتی ئێستا دەستبەکاربووە، گەیشتووەتە یەک ترلیۆن و 160 ملیار دیناری عێراقی"، و جەختیشیکردەوە: "ئەم پشتیوانییە داراییە ئەنجامی ئەرێنی و بەرچاوی هەبووە لە کەمکردنەوەی دیاردەی وازهێنان لە خوێندن".
هەروەها ڕوونیکردەوە: "ئامارە نوێیەکان ئاماژە بە گەڕانەوەی 134 هەزار خوێندکار دەکەن بۆ خوێندن بەهۆی ئەم مینحەیەوە، ئەوەش دوای تۆمارکردنی حاڵەتەکانی دابڕان و چارەسەرکردنیان"، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بەوەدا: "دواکەوتنی خەرجکردنی هەندێک لە وەجبەکان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی تەرخانکراوی دارایی لە ئێستادا بۆ ئەم بوارە لەلای وەزارەتی پەروەردە، و لە چاوەڕوانی ڕێکارە کارگێڕی و داراییەکاندان بۆ تەواوکردنی خەرجکردنیان".
