دوای دوو کاتژمێر لە ئەنجامدانی تاوانێک.. دەستگیرکردنی ٣ تۆمەتبار لە زیقار
ئەمڕۆ پێنجشەممە،فەرماندەیی پۆلیسی زیقار، دەستگیرکردنی ٣ تۆمەتباری ڕاگەیاند تەنها دوو کاتژمێر دوای ئەنجامدانی تاوانێکی کوشتن.
فەرماندەییەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە: لەپێناو جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی فەرماندەی پۆلیسی پارێزگای زیقار، لیوا (هێزە تایبەتەکان) نەجاح یاسر کازم ئەلعابدی، بۆ پێکهێنانی تیمێکی کار و ڕاوەدوونانی تاوانباران، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی باکووری زیقار و بە هەوڵی بەشی پۆلیسی 'ئەکەد' و فەوجی چوارەمی فریاکەوتن و بەشی هەواڵگری و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بە پشتبەستن بە زانیارییە وردە هەواڵگرییەکان و لە کاتێکی پێوانەییدا کە تەنها دوو کاتژمێر بوو، توانییان ٣ تۆمەتبار بە تۆمەتی کوشتن لە قەزای شەترە دەستگیر بکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەریان گیراوەتە بەر و ڕاگیراون بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان بە شێوەیەکی یاسایی.
