فەرماندەی گشتی: پێداویستییەکانی بەدیهێنانی سەروەریی تەواوەتیمان تەواو کردووە
محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ هەینی جەختی کردەوە کە دوای ڕێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پێداویستییەکانی بەدیهێنانی سەروەریی تەواوەتی عێراق تەواو کراون
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراویکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووە ڕایگەیاند: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، سەرپەرشتی ئاهەنگی دەرچوونی خولی ٧٠ی خوێندکارانی کۆلێژی پۆلیسی لە بەغدادی پایتەخت کرد، کە بەبۆنەی ١٠٤ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پۆلیسی عێراق و بە ئامادەبوونی وەزیرانی ناوخۆ و بەرگری و فەرماندە ئەمنییەکان بەڕێوەچوو. ئاماژەی بەوەش کرد کە لە میانی ئاهەنگەکەدا، نمایشی سەربازیی دەرچووان و کاروانی ئۆتۆمبێلەکان ئەنجامدرا و ڕێز لە خوێندکارە یەکەمەکان و سەرکەوتووەکان گیرا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سودانی لە وتارێکدا سڵاوی بۆ ڕۆڵە پاڵەوانەکانی پۆلیسی عێراق نارد و ستایشی هەوڵەکانی ئەم دامەزراوەیەی کرد کە باشترین پیاوانی خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا پێشکەش کردووە بۆ پاراستنی دەوڵەت و هاووڵاتیان. هەروەها ئاماژەی بە ڕۆڵی هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی و وەڵامدانەوەی خێرا کرد کە بە هەزاران شەهید و برینداریان لە جەنگی دژ بە تیرۆریستییەکانی داعشدا بەخشی تا سەرکەوتن بەدەست هات.
سودانی جەختی کردەوە کە پۆلیس ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پاراستنی وڵات و چەسپاندنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پاراستنی یاسا، و ڕایگەیاند کە حکومەت بەردەوامە لە پلانەکانی بۆ نوێکردنەوەی پۆلیس لە ڕێگەی گەنجانی خوێندەوارەوە، و ئەم خولە و خولەکانی پێشووش لە چوارچێوەی ئەم ڕێبازە نیشتمانییەدایە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕژێمی دیکتاتۆری بە شێوازێکی قێزەون ئیرادەی خۆی بەسەر دەزگای پۆلیسدا سەپاندبوو بۆ شێواندنی وێنەی ئەم دەزگا نیشتمانییە، بەڵام پۆلیس دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری ئازادیی خۆی بەدەستهێناوەوە و گەڕایەوە بۆ ئەنجامدانی ئەرکی خۆی لە پاراستنی ئاسایش و یاسا و یارمەتیدانی هاووڵاتیان. جەختیشی کردەوە کە پەرۆشین بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانی دەزگای پۆلیس بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی کارەکانی، بەتایبەتی دوای دەرکردنی ستراتیژیی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق (٢٠٢٥-٢٠٣٠)، و هەوڵەکانمان بۆ پەرەپێدانی پۆلیس بەهێزتر بووە دوای ئەوەی دۆسیەی ئەمنی پارێزگاکانیان وەرگرتەوە، چونکە بڕوای تەواومان بە توانا و لێهاتووییان هەیە.
هەروەها وتی: پێداویستییەکانی بەدیهێنانی سەروەریی تەواوەتیمان تەواو کردووە دوای ڕێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و کۆتاییهێنان بە ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونامی). ئەو سەقامگیرییە ئەمنییەی ئەمڕۆ عێراق تێیدایە، بە فەزڵی قوربانیدانی هێزە ئەمنییەکانمانە، و بەهۆی ئەوانیشەوە چەرخی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کەوتووەتە گەڕ.ڕوونیشیکردەوە کە ئێوە بەرپرسیارن لە بەردەوامبوونی ئەم گەشەپێدان و سەقامگیرییەی عێراق، کە وایکردووە گەورە کۆمپانیا جیهانییەکان پێشبڕکێ بکەن بۆ وەبەرهێنان و کارکردن تێیدا.
سودانی ئاماژەی بەوەش کرد: ئێمە بە بەرزی نرخاندنی ئەرکەکانتان دەکەین لە پاراستنی ئاسایش و ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان، لەوانە ڕووبەڕووبوونەوەی باندەکانی ماددە هۆشبەرەکان و کێشە خێڵەکییەکان و پاراستنی سنوورەکان. هەروەها پەرۆشین بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانتان لە ژیانێکی شایستە و چاودێری تەندروستی، و کارمان کردووە بۆ ئەوەی خێزانی شەهیدان و برینداران مافەکانیان وەربگرن. لە کۆتاییدا ڕایگەیاند کە ڕێنماییەکانیان جەخت لەسەر ڕەچاوکردنی یاسا و مافەکانی مرۆڤ دەکەنەوە لە کاتی کارکردندا، چونکە پۆلیس پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هاووڵاتیاندا هەیە.
