نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆن دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرانبەر پێکدادانەکانی سووریا دەڕبڕی
نێچیرڤان بارزانی و ئیمانوێل ماکرۆن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵ بەرانبەر پێکدادانەکانی سووریا، پشتیوانیی خۆیان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی 10ی ئاداری نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق دووپات کردەوە؛ هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لە پێویستیی جێگیرکردنی مافەکانی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریادا کردەوە و سەرۆکی فەرەنساش ستایشی ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی کرد لە هەوڵەکانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە ودەستی موتەڵع کەوتووە، تێیدا ئاماژەی داوە، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 17ـی کانوونی دووەمی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە پێگەیشت و تیێدا دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێ کرد و بەتایبەتی سەرنجیان خستە سەر پێشهاتەکانی سووریا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا نیگەرانیی قووڵیان بەرانبەر بە ئاڵۆزی و پێکدادانەکان لە سووریا دەربڕی و داوایان کرد هەموو لایەک دۆخەکە هێور بکەنەوە. هەروەها پشتگیرییان بۆ دەستبەجێ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ـی ئاداری نێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریا دەربڕی و جەختیان لە پاراستنی خەڵکی سڤیل کردەوە.
سەرۆکایەتی هەرێم دەشڵێت: هەر لەم بارەیەوە ماکرۆن ستایشی ڕۆڵ و هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی کرد بۆ میانگیری و هەوڵەکانی لەپێناو ئارامکردنەوەی دۆخی سووریا و ڕێگەگرتن لە ئاڵۆزیی زیاتر.
بە گوێڕەی ڕاگەیەندراوەکە، لای خۆیەوە نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە، پێویستە مافەکانی گەلی کورد لە دەستووری داهاتووی سووریادا جێگیر بکرێن، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ ڕۆڵ و پشتگیریی سەرۆک ماکرۆن و فەرەنسا لەپێناو نەهێشتنی گرژی و ئاڵۆزییەکان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکەدا، دەربڕی.
