دوای دانوستانێکی زۆر جددی لە مەسقەت... تاران و واشنتۆن بیر لە هەنگاوی داهاتوویان دەکەنەوە
ئەمڕۆ هەینی بەدر بن حەمەد بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عومان دووپاتیكردەوە كە لە كاتی خۆیدا كۆبوونەوەیەكی دیكە بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی بە وردی پێداچوونەوە بە ئەنجامی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی دەكەن،لە تاران و واشنتۆن.
بوسەعیدی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند : كە ئەمڕۆ لە مەسقەت وتووێژی نێوەندگیری زۆر جددی لە نێوان ئێران و ئەمریكا ئەنجامدرا،ووتیشی ڕوونكردنەوەی ڕوانگەی ئێران و ئەمریكا و دەستنیشانكردنی بوارەكان بۆ پێشكەوتنی ئەگەری بەسوود بوو.
وەزیری دەرەوەی عومان دووپاتی كردەوە : كە لەكاتی خۆیدا كۆبوونەوەیەكی دیكە ئەنجام دەدرێت، دوای ئەوەی بە وردی پێداچوونەوە بە ئەنجامی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ دەكەن لە تاران و واشنتۆن كراوە،
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕۆژی هەینی دووپاتیكردەوە كە ڕێككەوتنێك هەیە بۆ درێژەدان بە دانوستانەكان لەگەڵ ئەمریكا،عێراقچی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند : ئەمڕۆ لە مەسقەت گفتوگۆمان لەگەڵ ئەمریكا ئەنجامدا، ئەمەش سەرەتایەكی باشە، جەختیشیكردەوە رێككەوتنێك هەیە بۆ بەردەوامبوون لە دانوستانەكان لەگەڵ ئەمریكا.
عێراقچی ووتیشی: دیدگای خۆمان گەیاندە ئەمریكا و گوێمان لە بۆچوونەكانی لایەنی بەرامبەر بوو، دەتوانین بڵێین گفتوگۆكان ئەرێنی بوون،ڕوونیشی كردەوە، ڕێككەوتین لەسەر بەردەوامیی دانوستانەكان، و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وادە و شوێنی دانیشتنی داهاتوو دیاری دەكەین، ئاماژەی بەوەشكرد، ئێستا لە قۆناغی دروستكردنی متمانەداین، گفتوگۆكانی ئەمڕۆش ئەرێنی بوون، جەختیشیكردەوە ئەگەر لەسەر ئەم ڕێگا ئەرێنییە بەردەوامبین، دەگەینە چوارچێوەیەك بۆ بەڕێوەبردنی دانوستانەكان،ئەمڕۆ لە شاری مەسقەتی پایتەختی سەڵتەنەی عومان، خولی نوێی دانوستانەكانی ئێران و ئەمریكا سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەستیپێكرد.
