قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت بەپێی مەرج ورێنماییەکانی کارکردن پێویستە ئاژەڵ لە کوشتارگەکان سەرببڕێت
بەمەبەستی رێگریکردن لە فرۆشتنی گۆشتی بێمۆر کە ئاژەڵەکەی بەشێوەیەکی ناتەندروست و بەدەر لە رێنماییەکانی ڤێتێرنەری سەردەبڕرێت لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی چاودێرییەکانی چڕترکردوەتەوە.
فریا عوسمان، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێرنەری لە لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی وتی، "بەدواداچونی ئەمڕۆ شەممە لیژنەکان بۆ دوکانی گۆشتفرۆشەکانە و پشکنین بۆ گۆشت و شوێنەکان و پابەندکردنیان بەمەرج و رێنماییەکانی تەندروستی و ڤێتێرنەرییە".
وتیشی، بەپێی مەرج ورێنماییەکانی کارکردن، پێویستە ئاژەڵ لە کوشتارگەکان سەرببڕێت و لەلایەن پزیشکان و کارمەندانی ڤێتێرنەرییەوە پێش و پاش سەربڕینیش پشکنین بۆ ئاژەڵەکەو گۆشتەکەی بکرێت پاشان لەلایەن سەربڕخانەوە مۆردەکرێت و گۆشتەکەی دەخرێتە بازاڕەوە.
فریا عوسمان ڕونیکردەوە، هەر دوکانێکی گۆشتفرۆشتن بەدەر لەرێنماییەکانی تەندروستی و ڤێتێرنەری ئاژەڵ سەربڕێت یان گۆشتی بێمۆر لە شوێنەکەیدا هەبێت سەرپێچییە و لەلایەن قائیمقامیەتی سلێمانییەوە روبەڕوی یاسایی دەکرێتەوە.
لرێکان جەمال، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بۆرێگریکردن لە ساغکردنەوەی گۆشتی بێمۆر لیژنەکان بەشێوەیەکی بەردەوام سەردانی دوکانەکانی گۆشتفرۆشتن دەکات و لە ئێستاشدا تیمەکان لەدرەنگانێکی شەودا گۆشتفرۆشەکان بەسەردەکەنەوە.
وتیشی، بێجگە لەزیانەکانی تەندروستی، فرۆشتنی گۆشتی بێمۆر بەفێڵی بازرگانی ئەژماردەکرێت یاسا سزای بۆ ئەنجامدەرانی داناوە و لەکاتی دەست بەسەرداگرتن لە دوکانەکانی گۆشتفرۆشتن دەستبەجێ دادەخرێت و خاوەنەکەشی روبەڕوی رێکارە یاساییەکان دەکرێتەوە.
