وەزارەتی تەندروستی چەند ڕێنماییەکی دەرخست بۆ بەرەنگاربوونەوەی تای خوێنبەربوون
وەزارەتی تەندروستی, بۆ کۆنترۆڵکردن و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە رۆژانی جەژنی قوربان چەند ڕێنماییەکی دەرخست:
- سەربڕینی ئاژەڵان لە ماڵان بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و تەنیا لە شوێنەکانی رێگاپێدراو دەبێت.
- پابەندبوونی قەسابەکان بە لەبەرکردنی جلوبەرگی خۆپاراستن، بەتایبەتی دەستکێشی لاستیک و جلی تایبەتی خۆپارێزی لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ یان گوشت و خوێنەکەی، بەپێچەوانەوە بە توندی سزا دەدرێن.
- پێویستە ئاژەڵ دوو هەفتە پێش سەربڕینی، بە رشاندن و قڕکەر چارەسەر کرابێت.
- دوای سەربڕینی ئاژەڵ، پێویستە شوێنەکەی پاک بکرێتەوە، کەلوپەلی بەکارهاتووش (جلوبەرگ و چاقۆ) بە هەمان شێوە پاک بکرێتەوە.
- پێویستە هاووڵاتیان گۆشتی سوور لە شوێنی رێپێدراو بکڕن و دەستەوانە لە دەست بکەن و ئاگادار بن دەستیان هیچ برینێکی نەبێت، تەختەی پارچەکردنی گۆشت لە تەختەی لەتکردنی سەوزە جیا بێت و شوێنەکەشی بە باشی بە ئاوی گەرم و سابوون و دواتر بە هەمان شێوە خاوێن بکرێتەوە.
- لەبەرکردنی جلی قۆڵ درێژ و رەنگی کاڵ لە کاتی سەردانکردنی ئەو شوێنانەی گەنەکان تێیدا بڵاو بوونەوە، هەروەها کرێمی تایبەت بە دوورخستنەوەی مێروو و گەنە لە لەشی مرۆڤ بەکار بهێنرێت.
ئەم ڕێنماییانەی وەزارەتی تەندروستی لەکاتێکدایە کە چەند حاڵەتێکی مردن بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون ڕاگەیاندراوە و وەزارەتی تەندروستی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو نەخۆشییە، داوا لە هاووڵاتییان دەکات، پابەندی ڕێنماییەکان بن.
