پۆلیس دەستگیركردنی پێنج كەس لە سلێمانی ڕایگەیاند بەهۆی دزینی سەرەمەنهۆڵ
دەستگیركردنی پێنج كەس لە سلێمانی بەهۆی دزینی سەرەمەنهۆڵ.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، لەلایەن هێزەكانی بنكەی پۆلیسی هەوارەبەرزەی سەر بەبەشی پۆلیسی دەربەندیخان پێنج تۆمەتبار دەستگیركران كە لە سنوری قەزای دەربەندیخان سەری مەنهۆڵیان دزیبو.
پۆلیسی سلێمانی لەڕاگەیەندراوێكدا كە بە ئاژانسی "موتەڵع" گەیشتووە رایگەیاند: "دوای ئەوەی لەلایەن نوێنەری یاسایی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی قەزای دەرەبەندیخان سكاڵا لەسەر دزینی چەندین سەرەمەنهۆڵ لە سنوری قەزاكە تۆماركرا، هێزەكانی پۆلیسی سنورەكە لێكۆڵینەوە و بەدواداچونەكانیان دەستپێكرد".
ئاماژەی بەوەشكرد، "دوای دۆزینەوەی شوێنی تۆمەتباران توانرا لەلایەن بنكەی پۆلیسی هەوارە بەرزەی سەر بە بەشی پۆلیسی دەربەندیخانەوە پێنج تۆمەتبار دەستگیربكرێن، كە تۆمەتبارن بەدزینی نزیكەی 42 سەری مەنهۆڵ و دزینی ماتۆڕی ئاو مۆلیدەی كارەبایی".
هاتووەش، "لەئێستادا تۆمەتباران كە دوو كەسیان عەرەب و سێ كەسیشیان كوردن بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 444 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە".
