بوومەلەرزەیەکی بەهێز وڵاتی مەغریبی گرتەوە و سەدان هاوڵاتی بوونە قوربانی
وەزارەتی ناوخۆی مەغریب بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە (9ـی ئەیلولی 2023) بوومەلەرزەیەکی بەهێز ناوەندی شاری مەراکیشی گەشتیاری، هەروەها شارەکانی ئەزیلاوە، شیشواوا و تاوردانیتی باکووری رۆژئاوای مەغریبی هەژاند، بەهۆیەوە 296 کەس گیانیان لەدەستدا و 160 کەسیش برینداربوون.
لەوبارەیەوە، سەنتەری لێکۆڵینەوە و زانستی بوومەلەرزەی مەغریبی بڵاویکردەوە، هێزی بوومەلەرزەکە 6.8 پلەی رێختەر بووە، لە ئەنجامدا نزیکەی 300 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 150 کەسی دیکەش برینداربوون، دەیان باڵەخانەی شاری مەراکیش کە شارێکی مێژووییە وێرانبوون و زیانیان پێگەیشتووە.
تەلەفزیۆنی فەرمی مەغریبیش ئاماژەی بەوەکردووە، بومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهێزترین بووە لە مێژووی مەغریبدا.
حکومەتی مەغریب بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان دەیانی تیمی لە رباتی پایتەخت و شارەکانی دیکەی مەغریبەوە رەوانەی شاری مەراکیشی گەشتیاری کرد.
