ڤیان دەخیل: حکومەتی هەرێم پابەندبوونەکانی خۆی لە یاسای بودجە جێبەجێکرد
رۆژی شەممەی ڕابردوو، (9ـی ئەیلولی 2023)، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە میدیاکانی راگەیاند: "حکومەتی هەرێم هەموو پابەندبوونەکانی خۆی لە یاسای بودجەدا جێبەجێکرد، هەروەها بەگوێرەی پێویستی وەزارەتی نەوتی عێراق، نەوتی ڕادەستی حکومەتی عێراق کردووە".
ڤیان دەخیل وتیشی: "وتەبێژی حکومەتی عێراق، باسم عەوادی دوو رۆژ لەمەوبەر چەند زانیارییەکی ناڕاستی لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی بڵاوکردەوە کە بەهیچ شێوەیەک ڕاست نەبوو"، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، کە لە رۆژی 25ـی ئاداری 2023 تاوەکو ئەمڕۆ حکومەتی عێراق 598 ملیار دیناری بۆ حكومەتی هەرێمی کوردستان ناردووە و ئێستا بڕیاری داوە 500 ملیار دینار بنێرێت".
ڤیان دەخیل جەختی کردەوە، کە بە گوێرەی یاسای بودجە، پێویستە حکومەتی فیدراڵی عێراق مانگانە 902 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام بڕیاری داوە 500 ملیار دینار بە شێوەی قەرز بنێرێت، کە بڕە پارەیەکی زۆر کەمە.
