تاڵەبانی: سەرکۆنەی هێرشە سەر هێزەکانی دژە تیرۆری کوردستان دەکەم لە عەربەت
قوباد تاڵەبانی: بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرشەی سەر هێزەکانی دژە تیرۆری کوردستان دەکەم لە ناحیەی عەربەت.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشکردنەسەر عەربەت ڕایگەیاند، "پێشێلکردنێکی دیکەی سەروەری خاکی عێراقە کە لەڕێی فرۆکەی بێ فرۆکەوانەوە ئەنجامدراوە بۆ سەر هێزەکانی دژە تیرۆر، لە کاتێکدا ئەو هێزە سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنانی ئاسایی و رۆژانەی خۆیان بوون"، وتیشی: بەداخەوە لەم رووداوەدا سێ هەڤاڵی قارەمانی گەلەکەمان شەهیدکران و سێ هەڤاڵی دیکەشمان بریندار بوون، جەختدەکەینەوە، کە هیچ بیانوویەک نییە بۆ ئەنجامدانی ئەو جۆرە هێرشانە بۆ سەر هێزێکی قارەمانی کوردستان کە ئەرکیان پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری کوردستانە و رۆڵێکی بنەڕەتیشیان هەبووە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا، داوا دەکەین لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بێنە سەرخەت و کار بکەن بۆ رێگریکردن لەوەی جارێکیتر ئەو پێشێلکارییانە دووبارە نەبنەوە، هەروەها داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی کوردستان دەکەم لێکۆڵینەوەی ورد بکەن بۆ دەرخستنی تەواوی راستییەکان و ئاشکرا کردنیان بۆ رای گشتی خەڵکی کوردستان.
