قوباد تاڵەبانی: جگە لە دژە تیرۆر هیچ هێزێكی تر لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت نەبووە
قوباد تاڵەبانی: جگە لە دژە تیرۆر هیچ هێزێكی دیكە لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت نەبووە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران پێشوازیكرد لە تۆركیڵد بیگ، نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا رووداوی هێرشكردنەسەر هێزەكانی دژەتیرۆر لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت تاوتوێ كرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندرای جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم هاتووە، "لە كۆبوونەوەكەدا كە لە رۆژی 20ـی ئەیلولی 2023) لە هەولێر بەڕێوەچوو، نوێنەری یەكێتیی ئەوروپا بە توندی ئیدانەی بۆردومانكردنی فڕۆكەخانەی عەربەتی كرد و هیوای خواست جارێكی دیكە رووداوی لەو شێوەیە دووبارە نەبێتەوە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لەمبارەیەوە رایگەیاند: "ئەم رووداوە پێشهاتێكی مەترسیدارە و تیایدا هێزێكی فەرمی عیراقی و كوردستانی كراوەتە ئامانج كە هێزی دژەتیرۆری كوردستانە و بۆ هەموولایەكیش ئاشكرایە كە ئەو هێزە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە درێژایی دوو دەیە هاوكار و هاوپەیمانی سەرەكی هێزەكانی هاوپەیمانان بووە لە شەڕی دژەتیرۆردا".
قوباد تاڵەبانی بە توندی پاساوی لایەنی هێرشبەری ڕەتكردەوە و رایگەیاند: "شەهیدەكان و بریندارەكانی رووداوەكە هەموویان پێشمەرگەی قارەمانی كوردستان و ئەندامی هێزەكانی دژەتیرۆر بوون و بە هیچ شێوەیەك جگە لە هێزی دژە تیرۆر هیچ هێزێكی دیكە لە فڕۆكەخانە نەبووە".
جێگری سەرۆك وەزیران داواشیكرد: "حكومەتی عێراق و هاوپەیمانان و یەكێتیی ئەوروپا بۆ پاراستنی سەروەری عێراق و رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە پێشێلكارییانە هەنگاوی كردەیی بنێن و سنوورێك بۆ ئەو هێرشە سەربازییانە دابنێن كە دەكرێنەسەر خاكی هەرێم و عێراق".
