تاڵەبانی لە بەغدا چاویکەوت بە حەیدەر عەبادی سەرۆکی ھاوپەیمانیی نەسر
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا چاویکەوت بە حەیدەر عەبادی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی نەسر و سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق.
لە دیدارێكدا گەشەپێدانی پەیوەندیی دۆستانەی نێوان یەكێتی، هاوپەیمانیی نەسر و لایەنە عێراقییەكان جەختیلێكرایەوە و جەخت لە فراوانكردنی هەماهەنگییەكان كرایەوە لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكان و پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق.
بەپێی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە درێژەی دیدارەکەدا بە نیگەرانییەوە باس لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت کرا و لەو ڕووەوە بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، "رێگریكردن لە دەستدرێژییەكان و پاراستنی سەروەرییەكانی وڵات پەیوەستە بە كۆدەنگیی نیشتمانییەوە، بۆیە پێویستە هەمووان هەوڵ بۆ رێگریكردن لەو هێرشانە بدەن و نەهێڵین چیتر سەقامگیریی خاكەكەمان رووبەڕووی مەترسی ببێتەوە"، هەروەها بۆ پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە تاڵەبانی وتی: "دروستكردنی بەربەست لەبەردەم بەپارێزگابوونی هەڵەبجە خزمەت بە هیچ لایەنێك ناكات، پێویستە هەموولایەك بە ئەركی ئەخلاقی و ویژدانی خۆی هەڵبستێت و هەوڵ بۆ ئاوەدانكردنەوە و قەرەبووكردنەوەی شارەكە بدەن".
