عەببار راستی مەترسیەكانی ڕووخانی بەنداوی موسڵ ئاشكرا کرد
عەببار ڕاستی مەترسیەكانی سەر بەنداوی موسڵ ئاشكرا دەكات.
ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا حوسام عەببار، ئەمڕۆ یەکشەممە (24ـی ئەیلولی 2023) ڕایگەیاند کە هیچ مەترسییەک نییە سەبارەت بە بەنداوی موسڵ و ئەوەی ڕوودەدات ترس و تۆقاندنێکی بێ بنەمایە.
عەببار لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی "موتەڵع" رایگەیاند: "پێکهاتەی ئەندازیاری و میکانیکی و تەکنیکی بەنداوی موسڵ پێویست بەترس و تۆقاندن ناكات و قسەکردن لەسەر ڕووخانی بەنداوەکە دووره لە ڕاستیەوە و زیادەڕۆیی و تۆقاندن هیچ پاساوێکی نییە چونکە دوایین ڕاپۆرتی تیمی ئەندازیاری بەرپرس لە بەنداوەکە ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە", ئاماژەی بەوەشکرد،"مەترسی ڕاستەقینەی سەر بەنداوەکە لە حاڵەتی بوومەلەرزەیەکی زۆر بەهێزدایە ئەگەر هاتوو لە ناوچەکە ڕووی دا".
وتيشى: "توانای بەنداوەکە بۆ گلدانەوەی ئاو 9 ملیار مەتر سێجایە، لە کاتێکدا ئەو ئاوەی لە بەنداوەکەیە تەنها دوو ملیار مەتر سێجایە، بۆیە هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە".
شایەنی باسە، کە لەم دواییانەدا چەندین ڕاپۆرتی میدیایی دەربارەی مەترسییەکانی ڕووخانی بەنداوی موسڵ بڵاوکرایەوە، لەوانە داتای گوماناوی دەربارەی کوژرانی زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لەخۆ دەگرێت.
