لە ڕۆژئاوای شاری لەندەنی بەریتانیا بە چەقۆ هێرشکرایە سەر کچێک و گیانی لەدەستدا
کچێک بە لێدانی چەقۆ کوژرا لەکاتی سواری پاسێکی قوتابخانە لە شارۆچکەی کرویدۆن لە ڕۆژئاوای شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا.
بەیانی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو پۆلیس و فریاکەوتنی خێرا گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و لەوێ کچێکی تەمەن 15 ساڵیان دۆزییەوە کە چەند برینێکی هەبووە بەهۆی لێدانی چەقۆوە و هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی سەرکەوتوو نەبوون و بەهۆی سەختی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا، ئەمەش بەپێی میدیاکانی بەریتانیا.
پۆلیسی میترۆپۆلیتان دەڵێت، کە ئەو کوڕەی تاوانەکەی ئەنجامداوە دەستگیرکراوە دوای ئەوەی هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی هاتوچۆ و گواستنەوە کراوەو کاتژمێرێک دوای ڕووداوەکە دۆزراوەتەوە.
ئاندی بریتن، گەورە بەرپرسی پۆلیسی لەندەن پشتڕاستی کردەوە کە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پەیوەندییەکی پێشوو هەیە لەنێوان تۆمەتبارەکە و قوربانییەکە و جەختی لەوە کردەوە، کە پۆلیس پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکەی کچەکەدا هەیە بۆ ئەوەی پشتگیرییان بکات لەم ماوە سەختەدا کە تێیدا تێدەپەڕن، وتیشی: پۆلیس بەردەوام دەبێت لە ئاشکراکردنی پێشکەوتنەکان لە کەیسەکەدا بۆ دڵنیاکردنەوەی دانیشتوانی ناوچەکە کە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە دوای ڕووداوەکە.
