لیژنەیەکی پەرلەمان بوونی جوڵەیەك بۆ له كارخستنی وەزیری پەیوەندیەکان ڕەتدەكاتەوە
لیژنەی گەیاندن له ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بوونی جوڵەیەک بۆ لە کارخستنی وەزیری پەیوەندیەکان ڕەتدەکاتەوە.
لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن له پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە (4ـی تشرینی یەکەمی 2023) ڕەتی کردەوە جوڵەیەكی پەرلەمانی هەبێت بۆ لە كارخستنی وەزیری پەیوەندییەکان هیام یاسری.
کاروان ياروەیس، ئەندامی لیژنەکە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی "موتەڵع" رایگەیاند: "قسەکردن لەسەر جوڵەیەک بۆ لە كارخستنی هیام یاسری وەزیری پەیوەندییەکان لە پۆستەکەی دوورە لە ڕاستی و هیچ هەوڵێک لەو بارەیەوە نییە"، وتیشی: "ئەم دەنگۆیانە بەشێکن لە هەڵمەتێک بۆ بەئامانجکردنی وەزیری پەیوەندییەکان لەم ماوەیەدا".
جێی ئاماژە پێكردنە کە زوهیر فەتلاوی ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن، ڕۆژی سێشەممە لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی "موتەڵع" رایگەیاند، کە وەزیری پەیوەندییەکانی لەلایەن کۆمپانیایەکی کاریگەرەوە كراوەتە ئامانج کە خزمەتگوزاری ئینتەرنێت لە وڵاتەکەدا کۆنترۆڵ دەکات.
شایەنی باسە، کە لە چەند رۆژی رابردوشدا سەرچاوە میدیاییەكان باس لە بوونی جوڵەیەک دەکەن بۆ لابردنی وەزیری پەیوەندییەکان لە پۆستەکەی لەو گۆڕانكارییە چاوەڕوانکراوەی کابینەی حکومەتدا.
