مەسرور بارزانی هەڵوێستی دەربڕی لەبارەی هەوڵی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لە بەغداوه
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی هەڵوێستی دەربڕی لەبارەی داوای حیزب و لایەنە کوردییەکان لە حكومەتی ناوەند کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بدرێت و ئەمرۆ پێنجشەممە وتی: "لەم رۆژانەدا بینیمان کە هەندێک لایەن بە نوسراوێک داوایان کرد مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی فیدراڵی بدرێت، کە ئەمە پێشێلکاریی مافەکانی هەرێمە و لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستانە".
مەسرور بارزانی داوای لەو لایەنانە کرد کە چیتر ئاسانکاری و ڕێگا خۆشکردن بە کەس نەدەن کە مافە دەستوورییەکانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکات، هەروەک چۆن لە وتارەکەی لە ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی زانکۆی سەڵاحەددین باسی لێکرد.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە کە ئەو لایەنانەی داوا لە حكومەتی ناوەند دەکەن کە مووچەی موچەخۆرانی هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن حكومەتی فیدراڵ بدرێت، بوونی ئەوانیش بە هەرێمی کوردستانەوە بەندە، هەروەها لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان پێش هەموو کەس زیان بەو لایەنانە دەگەینێت، وتیشی: "هیوادارم ئەو لایەنانە واز لە بەرژەوەندییەکانیان بێنن و بگەڕێنەوە بەرەی گەل و زیاتر بیر لە بەرژەوەندی خاک و گەل و نیشتمان بکەنەوە".
شایەنی باسە، ڕۆژی دووشەممەی رابردوو (2ـی تشرینی یەکەمی 2023) هەریەک لە فراکسیۆنەکانی یەکێتی، یەکگرتوی ئیسلامی، نەوەی نوێ و کۆمەڵەی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق، بە کۆکردنەوەی واژۆی 44 پەرلەمانتار لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داوایان کرد مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بدرێت.
