سوپای عێراق بنکەی سەربازی لە سنووری تورکیا لەسەر هێلی سفر جێگیر دەکات
ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری له ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وەعەد قەدۆ پشتڕاستی کردەوە کە لە ماوەی داهاتوودا لێکتێگەیشتن دەبێت لەگەڵ لایەنی تورکیادا سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی سنوور و ڕێگریکردن لە هێرشەکانی تورکیا.
قەدۆ بە میدیاکانی وت: "عێراق جدییە سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی لەگەڵ تورکیا"، جەختیشی کردەوە لە "هەوڵی عێراق بۆ دروستکردنی بنکەی لەسەر هێڵی سفر لەگەڵ تورکیا"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "دووری ئەندامانی پەکەکە لە سنووری تورکیا لە بەرژەوەندی عێراقدایە و دەبێتە هۆی پێشێل نەکردنی خاکەکەی"، ئاماژەشی بەوەدا کە "گەیشتن بە هەر ڕێککەوتنێکی ئەمنی پێویستی بە دانوستان و لێکتێگەیشتن و گەرەنتی هەبیت وەک ئەوەی لەگەڵ ئێراندا ڕوویدا".
لە ئێستادا سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە هەرێم و رۆژئاوای کوردستان دژی پەکەکە و هەسەدە ئەنجام دەدات، هەروەها هێزەکانی تورکیا هەمیشە ئەو ناوچانە دەکەنە ئامانج کە دەیان هاوڵاتی مەدەنی تێیدا دەبێتە قوربانی.
