مەحەممەد بن سەلمان و سەرۆکی ئێران لەسەر دۆخی غەززە گفتوگۆیان ئەنجامدا
سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی ڕۆژی چوارشەممە (11ـی تشرینی یەکەمی 2023) یەکەم پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە مەحەممەد بن سەلمان ئەنجامدا، دوای ئەو توندوتیژییە کوشندەیەی لە ماوەی سێ ڕۆژدا لە نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززە ڕوویدا.
میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند کە سەرۆکی ئێران و شازادەی جێنشینی سعودیە باسیان لەوە کردووە کە پێویستە کۆتایی بە تاوانەکانی جەنگ لە دژی فەلەستینییەکان بهێنرێت کە ئێستا لە کەرتی غەززە ڕوودەدات.
هەروەها بن سەلمان لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا کە لەلایەن سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆگانەوە پێی گەیشتووە جەختی لەوە کردەوە کە "پێویستە هێرشەکە بۆ سەر کەرتی غەززە بوەستێنرێت و ئاماژەی بە هەڵوێستی وڵاتەکەی کرد لە پشتیوانیکردنی پرسی فەلەستین".
بن سەلمان جەختی لەوە کردەوە کە هەڵوێستی شانشینی عەرەبستانی سعودیە دژی هەر شێوەیەکی جەنگە کە خەڵکی مەدەنی تێیدا بە ئامانج دەگرێت و زیان بە ژیانی بێتاوان دەگەینێت و جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە بنەماکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی.
