دەسەڵاتدارانی تورکیا بە زۆر پێنج سەد پەنابەری سورییان گەڕاندەوە بۆ سوریا
ڕۆژی هەینی دەسەڵاتدارانی تورکیا بە زۆر 505 پەنابەری سورییان گەڕاندەوە بۆ سوریا، لەنێویاندا ژن و منداڵ لە ڕێگەی دەروازەکانی باب سەلامە، تەل ئەبیاد و باب ئەلهەواوە لە باکووری سوریا.
سەرچاوەکان لە دەروازەکانی تەل ئەبیاد و باب ئەلهەوا ڕایانگەیاند، "دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕۆژی هەینی 505 پەنابەری سورییان لە ڕێگەی دەروازەکانی باب سەلامە و تەل ئەبیاد و باب ئەلهەواوە ناردووە و ڕادەستی لایەنە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە سوریا کردووە".
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە 50 پەنابەر لە لایەنی تورکیاوە ڕادەستی لایەنە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوريا کراون لە دەروازەی تەل ئەبیاد لە باکووری ڕەقە، لە کاتێکدا 175 پەنابەری دیکە لە ڕێگەی دەروازەی باب سەلامە لە سنووری حەلەب ڕادەستی ئەو لایەنانە کراون و گواستراونەتەوە بۆ کەمپەکان بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، تورکیا 280 پەنابەری ڕادەستکردووە، لەنێویاندا ژن و منداڵ، لە ڕێگەی دەروازەی باب ئەلهەواوە بۆ چەکدارانی "هەیئە تەحریر ئەلشام" لە ڕێگەی دەروازەی باب ئەلهەواوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە پرۆسەی دەرکردنی ئەم پەنابەرانە دوای وەرگرتنەوەی هەموو بەڵگەنامە کەسییەکانی کراوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە، هەروەها ناسنامەی تورکیان لەوان وەرگرتەوە و پەنجەمۆری دەستی و چاویان وەرگرتووە بۆ دڵنیابوون لەوەی نەگەڕێنەوە بۆ تورکیا، ئەمەش لە بەردەوامی پرۆسەی دەرکردنی پەنابەرە سوریەکانە لە تورکیا.
