مەسرور بارزانی کارگەیەکی دووبارە بەکارهێنانەوەی قیڕی کۆنى لە هەولێر کردەوە
سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کارگەیەکی دووبارە بەکارهێنانەوەی تێکەڵەی قیڕی کۆنى لە هەولێر کردەوە.
رۆژی سێشەممە (17ـی تشرینی یەکەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند کە ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لەو پڕۆژانەی لەپێناو ژینگەپارێزی و چاکسازی ئابووری ئەنجام دەدرێت.
مەسرور بارزانی گوتیشی، ئەمە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە ژینگەپارێزی، چونکە تا ئێستا قیڕی کۆنی هەڵکەنراو تێکەڵ بە ژینگە دەکرا، بەڵام لە ئهمڕۆ بەدواوە پێویستە قیڕی هەڵکەندراو کۆبکرێتەوە و تێکەڵ بە ژینگە نەکرێت بەڵکو لە ڕێگەی پڕۆژەی لەم جۆرەوه، قیڕی هەڵکەندراو لە سەرجەم کارگەکانی قیڕی حکومی و تایبەت دووبارە بەکاربهێنرێتەوە و تێکەڵی ژینگە نەکرێتەوە و سەرەنجام ژینگە پیس نەکات، ئەمەش بێگومان لە رووی ئابووریشەوە سوودی دەبێت.
مەسرور بارزانی وتیشی: لە بەرنامەماندا هەیە لە هەموو روویەکەوە بتوانین خزمەتی ژینگەپارێزی بکەین، لە رووی ریسایکلکردنی ئاو (دووبارە بەکارهێنانی) و ئاوەڕۆ و زبڵ و خاشاک، کە لە چەند پارێزگای دیکەی هەرێمی کوردستان و ئیدارە سەربەخۆکان دیسان پڕۆژەمان هەیە.
