سودانى پێشوازییکرد لە وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەختی لە پێویستی هەماهەنگی بەردەوامی نێوان بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەکانی فیدراڵی و هەرێمەکان کردەوە، بۆ یەکخستنی هەوڵە تەندروستییەکان لەپێناو پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ هاووڵاتیان.
بەپێى نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئامادەبوونی ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی حکومەتى فیدراڵ، پێشوازیى لە سامان حسێن بەرزنجی وەزیری تەندروستی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، ئاماژەی بەوەشکرد لە دیدارەکەدا باس لە گرنگى حکومەت کرا بۆ کەرتی تەندروستی بەمەبەستی پێشخستنی و پەرەپێدانی ئاستی خزمەتگوزارییە چارەسەری و پزیشکییەکان کە پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرێت لە سەرتاسەری وڵاتدا.
سەرۆک وەزیران جەختى لە پێویستی هەماهەنگیی بەردەوام لە نێوان بەشی تەندروستی فیدراڵی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی هەرێم کردەوە، بەشێوەیەک کە هاوکار بێت بۆ یەکخستنی کار و یەکخستنی هەوڵە تەندروستیەکان بۆ تێپەڕاندنی ئاستەنگەکانی پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ هاووڵاتیان.
