مەسرور بارزانی پێشوازی کرد لە پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە عەلی موحسین عەللاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق كردن هەروەها هەردوو لا هەماهەنگی لە بوارەكانی چاكسازی و كەرتی بانكی و بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارەیان كرد. نووسینگەی راگەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیندراوێكدا رایگەیاند" ئەمڕۆ پێنجشەممە ، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە عەلی موحسین عەللاق پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق كرد". هەروەهابە پێی راگەیندراوەكە" لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی هەماهەنگی لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ بەتایبەتی بانكی ناوەندی، لە بوارەكانی چاكسازی لە كەرتی بانكی و هەوڵەكانی بەرەنگاربوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و كاركردن بۆ سەقامگیریی ئابووری كرا". ڕوونیشیكردەوە كە سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بە پرۆژە و دەستپێشخەری (هەژماری من) كرد و سوپاسی پشتیوانیی و هەماهەنگیی پارێزگاری بانكی ناوەندی و سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی كرد و جەختی لەوە كردەوە كە پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان، پێشكەوتنە بۆ هەموو عێراق و لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییاندایە. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوون و برەودان بە هەماهەنگی و هاریكاری لەپێناو گەشەپێدانی ئابووری و سەقامگیریی داراییدا.
