دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە قاوەی ماوە بەسەرچوو لە شاری سلێمانی گیرا
دەست بەسەر بڕێکی زۆر لە قاوەی ماوە بەسەرچوو لە شاری سلێمانی گیرا.
ڕاگەیاندنی قایمقامیەتی پارێزگای سلێمانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لەسەر زانیاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و بەهۆی فێڵکردن لە هاوڵاتیان و درێژکردنەوەی ماوەی بەکارهێنانی، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی قاوەخانەی گاریباڵدی (1920) لە گەڕەکی عەقاری دادەخات.
هەروەها هاتووەش، ئەمڕۆ شەممە (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) لەسەر زانیاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش / بەڕێوبەرایەتی ناوشار و لە ئەنجامی سەردانە بەردەوامەکانی لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی بۆ دوکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و پشکنینی کاڵاو شمەک و ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش دەکرێت، دەرکەوتوە کە قاوەخانەی گاریباڵدی (1920) بە گۆڕینی جۆر و درێژکردنەوەی بەرواری قاوەکانی فێڵ لە هاوڵاتیان کراوە.
لە قاوەخانەی ناوبراو دەست بەسەر بڕێکی زۆر قاوەی ماوەبەسەرچوو لەگەڵ لێبڵ و ئەو زەرفانەی قاوە ماوەبەسەرچوەکانی تێدەکات گیراوە، هەروەها قاوەخانەکە داخرا و خاوەنەکەی رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.
