سودانی لەگەڵ شای ئوردن لە پەراوێزی بەشداریکردنیدا لە لوتکەی قاهيره كۆبوەوە
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند:"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی ئەمڕۆ شەممە لەگەڵ شای شانشینی هاشمیی ئوردن شا عەبدوڵای دووەم کوڕی ئەلحوسێن لە قاهیرەی پایتەختی میسر کۆبووەوە لە پەراوێزی بەشداریکردندا لە لوتکەی قاهیره بۆ ئاشتی لە پێناو تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی ڕووداوەکانی خاکی فەڵەستینی داگیرکراو".
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕێڕەوی هێرشەکانی زایۆنیستەکان بۆ سەر کەرتی غەزە کرا لەگەڵ ئەو بارودۆخە تراژیدیایەی کە خەڵکی فەڵەستینی برا تێیدا دەژین، بەهۆی بەئامانجکردنی خەڵکی سڤیل و نەخۆشخانەکانەوە و کەمی پێداویستییە پزیشکی و مرۆییەکان.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەسەر گرنگی کارکردن بۆ یەکخستنی هەوڵەکان لە پێناو ڕاگرتنی دوژمنکاری زایۆنیستەکان بە پێی دەستپێشخەرییەکەی عێراق و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەم دوژمنکارییە و پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ فەڵەستینییەکان لە ڕێگەی دامەزراندنی سندوقێکی تایبەت بە خۆیانەوە و پاراستنی مافەکانیان.
