نەتەوە یەکگرتووەکان: لە ماوەی سێ ڕۆژدا سووتەمەنی لە غەززە تەواو دەبێت
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، تەنیا بۆ ماوەی سێ ڕۆژ سووتەمەنی لە غەززە ماوە و هۆشداری ئەوەش دەدات کە ئەگەر سووتەمەنی نەمێنێت، ئاو، نەخۆشخانە، نانەواخانەکان و یارمەتییە مرۆییەکانیش نامێنێت.
ئاژانسی فریاکەوتنی ئاوارە فەڵەستینییەکان سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNRWA) لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی نەمانی سووتەمەنی لە کەرتی غەززە هۆشداری دا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە ماوەی سێ ڕۆژدا ئەو سووتەمەنییەی لەبەردەست نەتەوە یەکگرتووەکانە لە غەززە تەواو دەبێت. لە بوارەکانی یارمەتیدانی مرۆیی لە قۆناغێکی سەختداین لە غەززە. ئەگەر سووتەمەنی نەمێبێت، ئاو، نەخۆشخانە، نانەواخانەکان و یارمەتییە مرۆییەکانیش نامێنێت".
نەتەوە یەکگرتووەکان وێڕای دەربڕینی نیگەرانییەکانی لەم دۆخە، وەک گرنگترین ناوەندی یارمەتییەکانی مرۆیی ڕایگەیاندووە، "نەمانی سووتەمەنی ئەوەندەی دیکە ژنان، منداڵان و خەڵکی غەززە دەخنکێنێت".
