فریاکەوتنی پارێزگای سلێمانی گیان لەدەستدان و برینداربوونی چوار کەسی پشتڕاستکردەوە
بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی پارێزگای سلێمانی، سامان نادر گیان لەدەستدان و برینداربوونی چوار کەسی پشتڕاستکردەوە لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەی کارگەی قیڕ لە عەربەت.
سامان نادر لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتی: ئاگرەکە زۆر گەورەیە و داوای لە هاوڵاتیان کرد لێی دووربکەونەوە چونکە ئەگەری تەقینەوەیەک هەیە یان زیاتر فراوان بوونی، هەروەها پێم وانییە کۆنترۆڵکردنی ئاسان بێت، هەرچەندە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی بەرگری شارستانی هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاگرێک لە یەکێک لە تانکەکانی قیڕدا کەوتەوە و تا ئێستا کۆنترۆڵ نەکرا، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی شۆفێری بارهەڵگرێکی تانکەکە و برینداربوونی سێ کەسی دیکە، کە دوو کەسیان خەڵکی قەزای بەردەڕەش-ن و سێیەمیان خەڵکی قەزای دەربەندیخان و لەئێستاشدا بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
