سودانی سەرۆکایەتی پێنجەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە پڕۆژەی شاری سەدری نوێ دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محمد شەیاع سودانی ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆکایەتی پێنجەم کۆبوونەوەی پڕۆژەی شاری سەدری نوێی کرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەراگەیەندراوێکدا رایگەیاند:"سودانى بێداچوونەوەی بە دوایین ڕێوشوێنەکانی گواستنەوەی خاوەندارێتی ئەو زەوییانە کرد کە بۆ دروستکردنی پڕۆژەکە تەرخانکراون لەگەڵ ئامادەکارییەکاندا بۆ جێبەجێکردنی دیزاینە بنەڕەتییەکانی پڕۆژەکە و پاشکۆکانی، جگە لەوەش تەماشایی پێداویستییەکانی ئەنجامدانی پشکنینی تاقیگەیی کرد تایبەت بە سەلامەتی کار بە مەبەستی دەستپێکردنی پرۆسەی بنیاتنانەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سودانی جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت جێبەجێکردنی ژێرخانی پڕۆژەکە بەمزووانە ڕابگەیەنرێت، پاشان کارکردن لە جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەست پێدەکات، لە پێناو خێراکردن لە تەواوکردنی ئەم پڕۆژە ستراتیژی و گرنگە بۆ هاوڵاتیانی شاری سەدر و ناوچەکانی دەوروبەری، کە گۆڕانکارییەکی جۆرایەتی پێکدەهێنێت بۆ نیشتەجێبوونی شارستانی لە بەغدادی پایتەخت.
