سودانی بەشداری مەشقی تاکتیکی (هامەری ئاسنین) ی فیرقەی نۆیەمی زرێپۆشی سوپای عێراق دەکات
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، محەمەد شەیاع سودانی، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە ئامادەی مەشقێکی تاکتیکی (هامەری ئاسنین) بوو لە هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراودا کە لەلایەن فەرماندەیی هێزە زەمینیەکان/ فیرقەی نۆیەمی زرێپۆشی سوپای عێراق جێبەجێ کرا بە بەشداری کردنی فڕۆکەوانی سووپا و بەرگری ئاسمانی و فەرماندەیی هێزی ئاسمانی.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند:"سودانى ستایشی هەوڵەکانی هێزە سەربازییەکانی کرد بۆ ئەنجامدانی مەشقە تاکتیکییەکان بە وردی، کە پشتڕاستی حاڵەتی ئامادەکاری و ڕاهێنانی بەردەوام دەکاتەوە و یەکەکانی گەیاندە ئەم ئاستە”.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە” سودانی داوای کرد بەردەوام بن لە مەشق و ڕاهێنان، بۆ بەردەوامبوونی یەکەکانی سوپای عێراق بەم ئاستە بەرزەی ئامادەیی لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگییە جۆراوجۆرەکان”.
هەروەها ئاماژەی بە گرنگی ئەم چالاکییانە و بەردەوامبوونیانی کرد و جەختی لە پێویستی دیاریکردنی بەرنامەکانی مەشق و ڕاهێنان کردەوە، و پشکنینە سەربازییەکان کار بکەن بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو چالاکییەی مەشق و ڕاهێنانانەی کە دەمانەوێت بە شێوەیەکی پیشەیی و ئاست بەرز جێبەجێ بکرێن.
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان جەختی لە جددیەتی حکومەت کردەوە لە پەرەپێدانی چەکی سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی دیکە کە لە ماوەی ڕابردوودا کەرەستەی پێویستیان وەرنەگرتووە، ئاماژەشی بەوەدا کە هەنگاوی کرداری و کاریگەر دەگیرێنەبەر بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، و هەموو جۆر و پێکهاتە ئەمنییەکان چەکی پێشکەوتوویان دەبێت بە نوێترین تەکنەلۆژیا و لیژنەکانیش بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراون و بەم زووانە دەست دەکەین بە گرێبەست کرد لەگەڵ چەندین لایەندا.
سودانی فەرماندە ئەمنییەکانی ڕاسپارد کە وریابن و بەردەوام بن لە بەدواداچوون بۆ پاشماوەکانی چەتە تیرۆریستییەکانی داعش کە چاوەڕێی دەرفەت دەکەن بۆ دروستکردنی بۆشایی لەم ناووچە و ئەو ناوچەدا.
