کۆکردنەوەی واژۆی پەرلەمانتاران بۆ داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا
هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران واژۆیان کۆکردەوە لە ڕێگەی یەکێک لە بەناوبانگترین ئەپلیکەیشنەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە ناوی "واتسئاپ" بەمەبەستی داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ناوەندی بەغدای پایتەخت، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ڕەوتی سەدر موقتەدا سەدر داوای داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کرد لەسەروبەندی پشتیوانی کردنی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لە شەڕی غەزەدا.
سەرۆکی فراکسیۆنی ئیمتیداد حەیدەر سەلام بە ئاژانسی (موتەڵع)ی ڕاگەیاند "لە ئێستادا کارەکان بەردەوامن بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و داخراودا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا وتاوتوێکردنی ئەگەرە توندەکانی دیکە لەبەر ئەوەی واشنتۆن ڕاستەوخۆ پشتیوانی لە ئیسرائیلییەکان دەکات بۆ کوشتنی خەڵکی فەڵەستین."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "واژۆی زیاتر لە 30 پەرلەمانتار کۆکراوەتەوە، بۆ ئەنجامدانی دانیشتنەکە سەرەڕای هەندێک ئاڵنگاری، بەهۆی ئامادەنەبوونی هەندێک پەرلەمانتار بۆ ئەنجومەنەکە"،جەختیشی کردەوە لەوەی "داواکاری سازکردنی دانیشتنەکە و کۆکردنەوەی واژۆکان بە نووسراو پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە دەکرێت نەک لەرێگای واتسئاپەوە، لەبەرئەوەی پێویستی بە واژۆی ڕاستەوخۆ هەیە و بەپێی ناوەکانی ناو پەرلەمان."
