وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران داخستنی زیاتر لە 50 کەمپی ئاوارەکانى راگەیاند
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران رایگەیاند، بەهۆی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، 52 کەمپی ئاوارەکان داخراون. دەشڵێت، "ئامادەکارییەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وەرزی زستان لە کەمپەکاندا دەستی پێکردووە."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کەریم نوری یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران رایگەیاند، پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان بەردەوامە و بەهۆی گەڕاندنەوەی 487 خێزانی ئاوارەکان 52 کەمپ داخراون.
ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەکە ئارەزومەندانەیە و حکومەتی عێراقی بڕیاریداوە خواردن و شوێنی مانەوە و پاڵپشتی دارایی بۆ ئەو ئاوارانەی دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان دابین بکات.
باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا تەنها یەک کەمپ لە موسڵ و 26 کەمپ لە هەرێم ماون کە هێشتا ژمارەیەک ئاوارەیان تێدا ماوە و دانەخراون.
ئەوەشی خستە ڕوو، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان لەلای محەمەد شیاع سودانیی سەرۆک وەزیران پرسێکی گرنگە و لەوبارەیەشەوە هەنگاو و رێککارەکانی سودانی بەردەوامە و لە ساڵی داهاتووشدا ژمارەی ئەو ئاوارانەی دەگەڕێنرێنەوە زیاتر دەبێت
