بانکی ناوەندی بڕیاڕێکی دیکە بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار دەرکرد
بانكی ناوەندی عێراق ڕێككەوتنی لەگەڵ بانكەكانی توركیا ڕاگەیاند بۆ كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ بانكە عێراقییەكان و شارەزایەكی ئابووری دەڵێت: “ئەو ڕێككەوتنە ئاسانكاری بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەكات و نرخی دۆلار دادەبەزێنێت”.
سەرچاوەیەك لە بانكی ناوەندی بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، بانکی ناوەندی عێراق لەگەڵ بانکەکانی تورکیا ڕێککەوت لەسەر کردنەوەی هەژمار بۆ بانکەکانی عێراق.
ڕاشیگەیاندووە، ڕێککەوتنەکە بە مەبەستی گواستنەوەی دەرەکی و بەرزکردنەوەی باڵانسەکانە بۆ دابینکردنی دارایی بازرگانی دەرەکی بە دراوی یۆرۆ.
ئاشكراشی كردووە، بانكی ناوەندی چەند ڕێكارێكی گرتۆتەبەر، كە بەهۆیەوە كاریگەری لەسەر بەهای دۆلار دەبێت و نرخەكەی دادەبەزێنێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە بۆ جێگرتنەوە دۆلار،بانکی ناوەندی جگە لە یۆرۆ دەیەوێت حەواڵەکانی بە درهەمی ئیماڕاتی و یووانی چین-یش بکات.
