چوار ئاسەواری سەردەمی "دۆڵی دو روبار" رادەستی عێراق دەکرێتەوە
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، دوای کاروبارەکانی بەدواداچون و گەڕاندنەوەی ئاسەوارە عێراقییەکان، چوار ئاسەواری مێژویی سەردەمی "دۆڵی دو روبار" رادەستی باڵیۆزخانەی عێراق لە بریتانیا کرانەوە، ئاسەوارەکانیش بریتین لە سێ نوسراو و تابلۆیەکی ئاسەواری.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی هەوڵە دپلۆماسییەکان بۆ گەڕاندنەوە، باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن بە هەماهەنگی لەگەڵ مۆزەخانەی بریتانیا بەدواداچونیان بۆ ئاسەوارەکانی دەرەوەی عێراق کرد.
ئاماژەی بەوەشکردوە، محەمەد جەعفەر باڵیۆزی عێراق لە لەندەن پارجە ئاسەوارێکی بەدەستگیەشت کە بریتییە لە سێ نوسین و تابلۆییەک، کە مێژوەکەی دەگەرێتەوە بۆ شارستانیەتی "دۆڵی دو روبار" واتە 2000 ساڵ پێش زایین.
ئەوەشی خستوەتەڕو، ژنێکی بریتانی ئەو نوسراوانەی کە لە باوکییەوە وەک میراتی بۆ ماوەتەوە رادەستی باڵیۆزخانەی عێراق لە لەندەن کردوە، مۆزەخانەی بریتانیاش ئاسەوارێکی دیکە کە بریتییە لە پارچە دیوارێکی بە هەمان شێوە رادەستی باڵیۆزخانەی عێراقی کردوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە باسی لەوەشکرد، دەستپێشخەری ئەو ژنە بەریتانییە بەرز نرخێنرا، داوا لە هەموانیش کرا، کە ئاسەوارە عێراقییەکان بگەرێننەوە، لەسەر ئەو پرسە محەمەد جەعفەر باڵیۆزی عیراق لە بریتانیا، سوپاسی بەرێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مۆزەخانەی بریتانیا کرد.
