تەندروستی فەڵەستین: ژمارەی گیان لەدەستدان بۆ ١٤ هەزار کەس بەرزبووەتەوە
وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، بەهۆی شەڕی حەماس و ئیسرائیلەوە زیاتر لە ١٤ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.
نووسینگەی راگەیاندنی حکومەت لە کەرتی غەززە بڵاویکردەوە، زیاتر لە ٤٧ هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان و برینداربوون لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە تۆمار کراون و وەزارەتی تەندروستی فەلەستینیش ئاماژەی بەوە کردووە کە زیاتر لە سێ هەزار کەس لە بەشی رۆژئاوای کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.
ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەی گیانلەدەستدانەکان تاوەکو ئێستا بۆ ١٤ هەزار و ١٢٨ کەس بەرزبووەوتەوە کە زیاتر لە پێنج هەزار و ٨٤٠ کەسیان منداڵن و سێ هەزار و ٩٢٠ کەسی دیکەیان ژنن.
ئەوەشی خستە روو، ژمارەی بریندارەکان لە ئەنجامی ئەو شەڕەوە بۆ ٣٣ هەزار بریندار بەرزبووەتەوە کە ٧٥٪ـی بریندارەکان منداڵ و ژنن.
باسی لەوەش کرد، ژمارەی ونبووەکان بۆ زیاتر لە شەش هەزار و ٨٠٠ کەس بەرزبووەتەوە، کە زیاتر لە چوار هەزار و ٥٠٠ کەسیان منداڵ و ژنن.
