وەزیری داد وپارێزگاری بەسڕە تاوتوێی دروستکردنی پرۆژەی بنیاتنانی کۆمەڵگەی دادیی لەپارێزگاکە دەکەن
د.خالید شوانی وەزیری داد، ئەمڕۆ یەکشەممە،سەردانی پارێزگای بەسڕەی کرد و لەگەڵ ئەسعەد عێدانی پارێزگارەکەی کۆبووەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی وەزیری داد لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" وەزیرى داد جەختی لەوە کردەوە کە سەردانەکەی بۆ بەسڕەی فەیحا لەپێناو گفتوگۆکردن بووە لەسەر دروستکردنی پڕۆژەکانی فەرمانگە دادییەکان، لەوانەش بنیاتنانی کۆمەڵگەی دادیی، کە پارێزگار ئامادەیی خۆی دەڕبڕی بۆ بنیاتنانی ئەم پڕۆژەیە لە سێ ناوچەدا ئەویش ناوچەکانی (گرنە، ئەبو خەسیب و مدەینە)یە بەمەبەستی دروستکردنی شارێکی یەکخراو لە پارێزگای بەسڕەدا".
د.شوانی ڕوونیشیکردەوە کە لەگەڵ پارێزگار ڕێککەوتوون لەسەر تەواوکردنی بابەتی تەرخانکردنی زەوییەک بۆ دروستکردنی شارێکی چاکسازی گەورە لەجیاتی گرتووخانەی کۆنی بەسرە، کەهاوتەریب بێت لەگەڵ کوالێتی جۆرایەتی باڵاکاندا بۆ زیادکردنی توانای لەخۆگرتن بە ڕەچاوکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ.
لای خۆیەوە، عێدانی هەوڵەکانی وەزیری دادى بەرزنرخاند بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی کارکردن بە شێوەیەک کە پشتیوانی لە دامەزراوەکانی حکومەت بکات و متمانەی هاوڵاتیان بەفەرمانگەکانی وەزارەت زیاد بکات، جەختیشیکردەوە لە پشتیوانی پارێزگاکە بۆ ئەم فەرمانگانە.
