راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی و باڵیۆزی ئازەربایجان تاوتوێی ڕەوشی ناوچەکەیان کرد
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە کۆبونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئازەربایجان رایگەیاند، ئامانجی ستراتیژی ئێستای عێراق داخستنی کەمپی "هۆل"ی سوریایە، چونکە مانەوەی ئەو کەمپە مەترسی لەسەر ئاشتی جیهانی دروست دەکات.
نوسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لەگەڵ نەسیر مەمدوف باڵیۆزی ئازەربایجان لە بەغدا کۆبونەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و باڵیۆزی ئازەربایجان لە بارەی دۆخی سیاسی و ئاسایشی ناوچەکە و ئامرازی پێویست بۆ پتەوکردنی هەماهەنگی نێوان هەردو وڵات گفتوگۆیان کرد.
لە کۆبونەوەکە قاسم ئەعرەجی ئەوەی خستەڕو، ئامانجی ستراتیژی ئێستای حکومەتی عێراقی داخستنی کەمپی "هۆل"ی سوری تایبەت بە خێزان و منداڵەکانی چەکدارانی داعشە، چونکە مانوەی ئەو کەمپە مەترسی راستەقینە لەسەر ئاشتی جیهانی دروست دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، توندڕەوی رۆڵی ئاڵنگارییەک بۆ سەر دەوڵەت و گەلەکان دەبینێت و پێویستە هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ نەهێشتنی ئەو ئاڵنگارییە مەترسیدارە کۆبکرێتەوە.
لە بەرامبەردا باڵیۆزی ئازەربایجان رایگەیاند، ئەوان خاوەنی ئەزمونێکی باشن لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و سپیکردنەوەی پارە، ئارەزومەندن لەو بوارەنە لەگەڵ عێراق هەماهەنگ بن، بۆ ئەوەی زانیاری و شارەزایی ئاڵوگۆڕ بکەن، بە شێوەیەک لە پتەوکردنی سەقامگیری جیهانی هاوکاربێت.
