بافڵ تاڵەبانی ویستی یەكێتیی بۆ پتەوكردنی زیاتری هەماهەنگییەكان لەگەڵ كۆماری چینی میللی دەربڕی
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە دەباشان پێشوازیی لە لیو جیون، كونسوڵی كۆماری میللی چین لە هەرێم كرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی یەکێتی لەدیدارێكدا كە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئامادەبوو،بافڵ جەلال تاڵەبانی ویستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی بۆپتەوكردنی زیاتری هەماهەنگییەكان لەگەڵ كۆماری چینی میللی لە هەموو بوارەكاندا دەربڕی و هیوای خواست، ئەو پەیوەندییە مێژووییەی نێوان گەلی كورد و چین كە مام جەلال بناغەدانەرێتی، گەشە بكات و پێبدرێت.
لەدرێژەی دیدارەكەدا سەرۆكی یەکێتی هانی كۆمپانیا چینییەكانی دا تاوەكو بەشدارییەكی كاریگەرتر و چالاكیی زیاتریان هەبێت لە پێشخستنی ئابووری هەرێم و هەموو پشتیوانییەكیشی بۆ دووپاتكردنەوە.
هەر لە دیدارەكەدا دواین گۆڕانكارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكان لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە چارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان و بەردەوامی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن كرایەوە لە پێناو پاراستنی سەقامگیری و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكاندا.
