سەرۆکی وەزیران بەشێوەیەکی مەیدانی بەدواداچوون دەکات بۆ بەرەوپێشچوونی کار لە پڕۆژەی پەرەپێدانی گۆڕەپانی نسور لەبەغدا
محەمەد شیاع سودانى سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە درەنگانێکی ئێوارەی دوێنێ چوارشەممەدا سەردانێکی مەیدانی ئەنجامدا بۆ پڕۆژەی پەرەپێدانی گۆڕەپانی نسور لە ناوەندی بەغدادی پایتەخت لە چوارچێوەی بەشی یەکەمی پاکێجی پڕۆژەکانی نەهێشتنی قەیرانی هاتوچۆ.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سودانی بەدواداچوونی بۆ بەڕێوەچوونی کارەکانی پڕۆژەکە کرد و چاوی کەوت بە کرێکارانی شەفتی شەوان و گوێی لە پێشکەشکردنێکی ورد گرت لەسەر ئاستی دەستکەوتەکان و دیارترین ئەو بەربەستانەی کە ڕووبەڕووی کارەکان و خێرایی چارەسەرکردنیان دەبنەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ستایشی هەموو ئەو هەوڵانەی کرد کە ئەنجامدراون و کارکردن بە ڕووحییەتی تیمەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژە خزمەتگوزارییە گرنگە کە هاوڵاتیان بە ڕەزامەندییەکی زۆرەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەن و گەشبینن بەوەی کە حکومەت جددییە لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە و متمانەپێکراوی دەبینن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان.
سودانی فەرمانی کرد بە پێویستی پاراستنی خێرایی کارەکان و پابەندبوون بە کات و جێبەجێکردنەوە، هەروەها پابەندبوون بە تایبەتمەندییەکان و ستانداردە بەرزەکانەوە بۆ هەموو پڕۆژەکان سەبارەت بە دیزاین و ئاشکراکردنەکان لە چوارچێوەی ئەم ئاراستەیەدا.
