مەزڵوم کۆبانێ پشتیوانی بۆ دامەزراندنی دوو دەوڵەتی فەڵەستین و ئیسرائیل دەربڕی
جەنەرال مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات «هەسەدە» لە چاوپێکەوتنێکیدا بە رۆژنامەی مۆنیتۆر لەباری جەنگی ئیسرائیل و حەماس رایگەیاند، "نامەیەکم بۆ سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین مەحمود عەباس نارد کە تیایدا پشتیوانی خۆمان بۆ گەلی فەڵەستین و چارەسەری دوو دەوڵەت دەربڕی، شکستی گەیشتن بە چارەسەرێکی ڕەوا و بەردەوام بۆ کێشەی فەڵەستینیەکان و کورد هێشتا گەورەترین سەرچاوەی ناسەقامگیرییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".
جەنەرال کۆبانێ لەبارەی هێرشە ئاسمانیەکانی تورکیا بو سەر رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی سوریا وتی: "تورکیا سوود لە بارودۆخی ناوچەکە وەردەگرێت بۆ ئەوەی هێرشەکانی لە باکووری سوریا زیاد بکات و هێرشەکانی تورکیا شەڕی دژ بە داعش لاواز دەکات و وەڵامی لاوازی ئەمەریکا بۆ ئەم هێرشانە متمانەی کوردەکان بە ئەمریکییەکانیان لەدەست دەدات و دوژمنەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەهێزتر دەکات".
لەبارەی جەنگی هەسەدە دژ بە چەکدارانی داعش، جەنەرال کۆبانێ وتی: بە شکستپێهێنانی تیرۆرستانی داعش و لەدەستدانی زیاتر لە 11 هەزار شەڕڤان لە چەکدارەکانمان، ئەو شەڕڤانانە نەک تەنها ئێمە و خۆیان پاراست، بەڵکو تەواوی جیهانیشیان پاراست و هێشتا داعش لە ناوچەکەمان چالاکە و دەبێت پشتیوانیمان بکرێت نەک هێرش بکرێتە سەرمان بۆ رووبەڕووبونەوەی تیرۆرستان.
