سەرۆک کۆمار: پێویستە کۆنفرانسی لوتکەی کەشوهەوا وەرچەرخانێک بێت بۆ کاری بەکۆمەڵ لە ناوچەکە و جیهاندا
دکتۆر لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆمار لە وتارێکیدا لە رۆژنامەی The National رایگەیاند پێویستە کۆنفرانسی لوتکەی کەشوهەوا وەرچەرخانێک بێت بۆ کاری بەکۆمەڵ لە ناوچەکە و جیهاندا
ئەمەیش دەقی وتارەکەی سەرۆک کۆمارە:
وەک دەوترێت باخچەی عەدەن لە شوێنێکی نێوان دیجلە و فوراتدا بوە لە عیراق. لە ماوەی دوو سەدەی رابردودا گەڕیدە بیانییەکان سەرسام بوون بەو رێڕەوی ئاو و زۆنگاوانەی لە داستانی گلگامشدا بە نەمر دانراون، لەگەڵ گامێشی ئاوی و بەرازی کێوی و کۆترو قەلەباچکە و پۆلی باڵندە و تەنانەت شێرەکان، کە لە سروشتی کێوی و ئازاددا دەهاتن و دەچون. لە ساڵی 2016دا زۆنگاوەکان وەک کەلەپوری جیهانی یونسکۆ ناسێندران، لەکاتێکدا ئێستا لە مەترسییەکی گەورەدان، بەڵام تائێستاش کات ماوە بە هانایانەوە بچین.
لەکاتێکدا سەرکردەکانی جیهان لە دوبەی بۆ کۆنفرانسی لایەنەکان Cop28 کۆدەبنەوە، ئەرکی سەرشانمانە بەشداری بکەین لە چڕکرنەوەی هەوڵی هەمولایەک بۆ بەرەنگاربونەوەی مەترسیی هەڕەشەیەکی چاوەڕوانکراو. گۆڕانی کەشوهەوا لە سەردەمی ئێمەدا دەبێتە گەورەترین ئاڵەنگاریی بۆ زۆربەی گەلانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بە عیراقیشەوە. بەرزبونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما، کەمی بارانبارین، کەمبونەوەی خێرای زەوییە کشتوکاڵییەکان، وشکەساڵی و بە بیابانبوون و گۆڕانی ڕیشەیی ئیکۆسیستەمەکان و کۆچی بەکۆمەڵ بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا دەبێتە واقیعێکی نزیک، ئەگەر ئەمڕۆ هەنگاوی هاوسەنگ بەرەو چارەسەری درێژخایەن نەنرێت.
پەرەسەندنە مەترسیدارەکانی کەشوهەوا لە عیراق لەئێستاوە ئاستەنگی ئابوری توندی بەدوای خۆیدا هێناوە، لەوانە زیادبوونی ئاستی هەژاری و لاوازبونی باری کۆمەڵایەتی.
با لێرەوە بەڕونی قسە بکەین، کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ناتوانرێت بە تەنیا چارەسەر بکرێن و چارەسەری خێراشی بۆ ناکرێت. هەروەها وڵاتانی دەرەوەش بە هانای ئێمەوە نایەن، بەڵام دەزانم دەتوانین گۆڕانکاری دروستبکەین و دەرئەنجامە خوازراوەکان بەدەستبهێنین. ئەمەش لە بەشداریکردنی تەواوی عیراق لە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەڕێگەی بەشداریکردنی تەواو لە پرۆسەی رێککەوتننامەی چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا (UNFCCC) دەستپێدەکات.
لەبەرئەوەی رژێمی پێشووی عێراق گرنگییەکی کەمی بە ژینگە دەدا، عیراق درەنگ هاتۆتە ناو UNFCCC، بەڵام ئێمە بە تامەزرۆییەوە قەرەبووی ئەو کاتانە دەکەینەوە، کە لە دەستچوون. بۆیە ئێمە رێککەوتنی پاریسمان پەسند کردوە، ئەو بەشدارییە نیشتمانییە پێویستەمان پێشکەشکردوە، کە داوای دەکات. لەکاتێکدا گەلانی خۆرئاوا دەتوانن سیاسەتی ژینگەیی ناوخۆیی لە کاتی دابەزینی ئابوریدا وەلا بنێن، بەڵام عیراق ئەو بژاردەیەی نییە، کە دیاری بکات کەی یاساکان جێبەجێ دەکرێن.
ئێمە سیاسەتەکان جێبەجێ دەکەین بۆئەوەی یارمەتیدەرمان بن لە کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا تاکو باشتر گونجاندن بکەین لەگەڵ کاریگەرییەکانیدا. لەهەمانکاتدا هەوڵدەدەین ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامی ساڵی 2030 بەدیبهێنین. بنەماکانی ئەم جۆرە سیاسەتانە بە باشی رونکراونەتەوە: هەمەچەشنکردنی زیاتری ئابوری، گرنگیدان بە بەردەوامی و زیادکردنی پشتبەستن بە سەرچاوە پاک و نوێبوەوەکانی وزە، بۆ نمونە بەشێوەیەکی کۆنکرێتی وەزارەتی نەوتی عیراق لە پلانیدایە سوتانی غاز کەم بکاتەوە و بزوێنەری تێکەڵاو وەربگرێت بۆ زیادکردنی وزە و کارایی. وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی لە بازاڕە تازەپێگەیشتوەکانی وەک عیراقیش دەتوانێت یارمەتیدەربێت بە لەبەرچاوگرتنی کاریگەرییەکانی ژینگە.
بۆ عیراق مەترسییە ڕاستەوخۆکانی گۆڕانی کەشوهەوا تەنها نیوەی وێنەکەن. ئابوری عیراق تاڕادەیەکی زۆر پشت بە هەناردەکردنی سوتەمەنی دەبەستێت، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەریی توندی گۆڕانی کەشوهەوای لەسەر دەبێت، چونکە ئابوری جیهان پشتبەستنی بەو سوتەمەنیانە کەمدەکاتەوە. ئەمە بەسەر هەموو وڵاتانی کەنداو – وڵاتانی ئەندامی GCC و کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ دەبێت.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە، عیراق داوا لە وڵاتانی کەنداوی دراوسێ دەکات، کە گروپێکی دانوستانکاری هاوئاهەنگ لە چوارچێوەی پرۆسەی UNFCCC پێکبهێنن بۆئەوەی بە دەنگێکی یەکگرتوو قسە بکەن و بگەنە ئەو بڕیارانەی نیگەرانییەکانمان وەک ناوچەکە دەگەیەنێت. رێکخستنە هاوشێوەکان لە ناوچەکانی دیکەشدا سەرکەوتو بون. کۆمەڵەی سەربەخۆی وڵاتانی ئەمریکای لاتین و کاریبی لەبەرچاو بگرن، کە لە ساڵی 2012 لە COP18 لە دۆحە دەستیپێکرد و کاریگەرییەکانی لەسەر داڕشتنی rێککەوتنی پاریس لە ساڵی 2015دا جێگەی سەرنج و پڕ بایەخ بوو.
لە دەرەوەی دانوستانەکان، گروپەکە دەتوانێت هەماهەنگی بۆ ئاژانسێکی ناوچەیی دابین بکات، کە هاوکاری لە مەسەلەکانی کەشوهەوا لە نێوان هەموو وڵاتانی کەنداودا بەرەوپێش ببات، بە درێژایی هێڵەکانی رێکخراوی ناوچەیی بۆ پاراستنی ژینگەی دەریایی، کە بنکەکەی لە کوێتە.
دواتر مەسەلەی کەمی ئاو دێتە ئاراوە. هەموو وڵاتانی کەنداو روبەڕوی فشاری کەمی ئاو بونەتەوە، بەڵام لە هیچ شوێنێکی ناوچەی کەنداودا کەمی ئاو وەک لە زۆنگاوەکانی باشوری عیراق دەرناکەوێت. ئەوەی سەردەمانێک وڵاتێکی سەرسوڕهێنەری ئاوی بوو، کە دەوڵەمەندە بە گیانلەبەرە کێوییەکان ئێستا وشک بوە و بوە بە سوتماک، ئەمەش بوەتەهۆی لەناوچونی ژیان و زیادبونی رێژەی بەرچاوی ئاوارەبون و کۆچکردنی ناوخۆیی. چەندین هۆکار بونەتەهۆی کەمبونەوەی ئاو بۆ زۆنگاوەکان، کە بریتین لە ئاودێریی خراپ و شێوازەکانی بەڕێوەبردنی ئاو تا کەمبونەوەی بەردانەوەی ئاو لە وڵاتانی دراوسێ خاوەن سەرچاوەی ئاو وەکو (ئێران، تورکیا و سوریا) کە هۆکاری سەرەکییش دروستکردنی بەنداوەکانە. عیراق وڵاتێکی خوار سەرچاوەی روبارەکانە و دروستکردنی بەنداو لەلایەن دراوسێی خاوەن سەرچاوەی ئاوەوە، بوەتەهۆی لەدەستدانی نزیکەی نیوەی کۆی گشتی بەردانەوەی ئاو بەراورد بە تەنها چەند ساڵێک لەمەوبەر.
پێویستە دانوستانکاران پێویستی و مافەکانی وڵاتانی خوار سەرچاوەی روبار لەبەرچاوبگرن، لەکاتێکدا بەشێوەیەکی گونجاو مامەڵە لەگەڵ ئاو و دابەشکردنی دادپەروەرانە بکەن. ئەوەی جێگای سەرنجە، لە کەنارەکانی روباری دیجلە بڕوانین، کە باپیرانمان زیاتر لە چوار هەزار و 500 ساڵ لەمەوبەر پەیماننامەی میسێلیم-یان داڕشتوە، کە یەکەم رێککەوتنی نێودەوڵەتییە بۆ هاوبەشکردنی سەرچاوە ئاوییەکان. ئێستا کۆمەڵی نێودەوڵەتی هەوڵدەدات رێککەوتنەکە لە ئاستی جیهانیدا لە رێگەی کۆمەڵێک رێککەوتنەوە دابڕێژێت، کە نوێترینیان رێککەوتننامەی پاراستن و بەکارهێنانی بەردەوامی ئاوە تێپەڕبوەکانە.
لەوانەیە ئەو ئامانجانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێکراوە بە ئاستەم بەدیبێن، بەڵام هیوایەک دەبێت، وەک چۆن لە زۆنگاوەکانی باشوری عیراق بینیومە، کە دوای گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست دەبوژێنەوە. پێویستە بوترێت لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردودا، رژێمی سەدام حسێن لە هەڵمەتێکدا وشککردنی زۆنگاوەکانی خێراتر کرد، کە ئەوکات لەلایەن ماکس ڤان دێر ستۆیل وەزیری پێشوی دەرەوەی هۆڵەندا و بڕیاردەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عیراق، بە "تاوانی ژینگەیی سەدە" وەسفکرا.
بێگومان رژێمی سەدام حسێن گرنگی بە ژینگە نەدەدا. نەک هەر پابەند نەبوو بە UNFCCC، بەڵکو پابەند نەبوو بە رێککەوتننامەی فرە بایۆلۆجی و رێککەوتننامەی بەرەنگاربونەوەی بە بیابانبون و رێککەوتننامەی رامسار سەبارەت بە زۆنگاو، کە دەبوو زۆنگاوەکان بپارێزن.
ئەوەی ئومێدم پێدەبەخشێت ئەوەیە، کە لە ساڵانی دوای کۆتاییهاتنی رژێمی پێشوو، بە هەوڵە هاوبەشەکانی حکومەتی عیراق و کۆمەڵی مەدەنی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، زۆنگاوەکان لە قۆناغێکدا تا 75%ی بوژانەوەی پێشووی خۆیان بۆ گەڕایەوە، کە دەبێتەهۆی بوژانەوەی بەرچاوی گیانلەبەران و گیا و تا رادەیەک گەڕانەوەی دانیشتوانەکانیان، کە پێشتر ئاوارەبون. من ئەو هەوڵەم وەک وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی وڵات بە یەکەم کاری گرنگ بینی. شانازی بەو هەوڵانە دەکەم، کە لەوکاتەدا بەدەستمانهێنا. ئێمە هەنگاوێکمان ناوە کە هەست بە شانازی زیاتر دەکەین بە تایبەت کاتێک بە هەوڵی هەمولایەک، بەشداری دەکەین لە چارەسەرکردنی ئاڵەنگاری فراوانتری گۆڕانی کەشوهەوا.
