سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەدواداچوون دەکات بۆ بەڕێوەچوونی کارەکان لە بەندەری فاوی گەورە و پێداچوونەوە بە هەر پێنج شۆستەکەی دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانى ئەمڕۆ شەممە گەشتێکی پشکنینی ئەنجامدا کە تیایدا بەدواداچوونی کرد بۆ بەرەوپێشچوونی جێبەجێکردنی کارەکان لە پڕۆژەی بەندەری فاوی گەورە و لە گەشتێکی دەریاییدا بەدواداچوونی کرد بۆ پڕۆژەکانی پێنج شۆستەکەی بەندەرەکە پاش تەواوبوونی شۆستەی ژمارە یەک و دوو بەشی شۆستەی دووەم.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران"سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە لەوەی کە پڕۆژەی بەندەری فاو گرنگییەکی تایبەتی پێدەدرێت لەلایەن حکومەتەوە و سوورە لە تەواوکردنی بەگوێرەی تایبەتمەندییە پێویستەکان و ئێمە ڕووبەڕووی پڕۆژەیەکی ڕاستەقینە و گرنگ دەبینەوە کە ئامادەیە پێشوازی بکات لە کەشتییەکان پاش تەواوکردنی پێداویستییە تایبەتەکانی جێبەجێکردن، وە لە چوارچێوەی ئەوەی کە پلانی بۆ دانراوە بەڕێوەدەچێت.
سودانی ئاماژەی بەوەشکرد کە حکومەت چارەسەری بۆ هەموو بەربەست و کێشە تەکنیکییەکان داناوە لە پێناو جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بە باشترین تایبەتمەندی، هەروەها دانووستان دەکات لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییە گەورەکان بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەکە و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە پڕۆژەی بەندەری فاو ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە گواستنەوەی کاڵا لە نێوان ئاسیا و ئەوروپادا بەتایبەتی بەستراوە بە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانەوە کە نوێنەرایەتی پڕۆژەی عێراقی گەورە دەکات.
