دادگای فیدراڵی پەسەندکردنی سكاڵاكەی یەكێتی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دواخست
ئەمڕۆ یەکشەممە (3ـی کانونی یەکەمی 2023) بۆ جاری شەشەم دادگای فیدراڵی عێراق پەسەندکردنی سكاڵاكەی یەكێتیی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دواخست، کە پەیوەستە بە كورسیی پێكهاتەكانە.
سكاڵاكەی یەكێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی كوردستان تۆمارکراوە کە تایبەتن بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان و کورسی پێکهاتەکان و بازنەکانی هەڵبژاردن و تۆماری دەنگدەران، لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی کوردستان رێواز فایەق، سەرۆكی حكومەتی کاربەڕێکەر مەسرور بارزانی و سەرۆكی هەرێم نێچیرڤان بارزانی تۆمار كراوە.
هەروەها ئامانج نەجیب ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی سكاڵایەكی هاوشێوەی تۆمار كردووە و دادگای فیدراڵی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە بڕیاردان لەسەر هەردوو سكاڵاكەی دواخست.
بەپێی زانیاریەکانی ئاژانسی موتەڵع، یەكێتی سكاڵای لەسەر ماددەكانی یەک، نۆ، پازدە، 22 و 36ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە یەکی ساڵی 1992ـی هەمواركراو تۆمار كردووە و داوا دەكەن دادگا یاسایی هەموارمراوەکان هەڵبوەشێنێتەوەو.
دیاترین ئامانجی سكاڵاكەی یەكێتی، كورسیی پێكهاتەكانە كە یەكێتی پێی وایە ئەو كورسییانە بۆ نوێنەرایەتیكردنی ڕاستەقینەی پێكهاتەكان نەبووە و پارتی لە ململانێ سیاسییەكاندا بەكاری هێناون و سوودی لێ وەردەگیرێت.
