ئاوات شێخ جهناب: هەوڵەکان بە ئاراستەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق بەردەوامن
کونسوڵی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر لە كۆبونەوەی لەگەڵ وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند؛ کاردەکەین بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد لەسەر بودجە و موچە.
وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری لەگەڵ نەسروڵڵا ڕەشنودی، کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر کۆبوەتەوە و وەزیری دارایی باسی لە دواین هەنگاوەکان و گفتوگاکانی نێوان هەرێم و بەغداد لە سەر پرسی بودجە و موچە خستەڕو، ئاماژەی بەوەکرد، هەوڵەکانیان بەردەوامە بەئاڕاستەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق.
وتیشی، “بەو هیوایەی بتوانن بۆ ساڵی داهاتو پرسی موچەی فەرمانبەران لەهەمو کێشە و ململانێیەک دوربخەنەوە و بەیەک پێوانە مامەڵە لەگەڵ موچەخۆرانی هەرێم وەک تێکڕای موچەخۆرانی پارێزگاکانی تری عێراق بکرێت”.
وەزیری دارایی داوای لەکونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد، لە ڕێی پەیوەندیەکانیانەوە هاوکاربن بۆ چارەسەی کێشەکان.
لای خۆیەوە، نەسروڵڵا ڕەشنودی ڕایگەیاندوە، توانا و پەیوەندییەکانی خۆمان بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی کێشەکانی هەرێم و بەغداد لەسەر پرسی بودجە و موچە بەزوترین کات چارەسەر بکرێت
کونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لەهەولێر باسی لەشایستەی ئەو کۆمپانیا ئێرانیانە کرد، کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن و بەهۆی قەیرانی داراییەوە شایستەکانیان دواکەوتوە.
وەزیری دارایی پابەندی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی بۆ خەرج کردنی شایستەی کۆمپانیاکان دوپات کردەوە و ڕایگەیاند، بەچارەسەربونی کێشە سیاسیەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی، کە کێشەی گەورەی ئابوری و دارایی قورسی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کردوە، کێشەی سەرجەم کۆمپانیا ئێرانیەکان و کۆمپانیا بیانی و ناوخۆییەکانیش چارەسەر دەبێت، بەتایبەت کێشەی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
