بانکی رەشید بەنرخی فەرمی دۆلار بەگەشتیاران دەفرۆشێت
بانکی رەشید رایگەیاند، ئەمشەو سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی بە مەبەستی فرۆشتنی دۆلار بەو گەشتیارانەی کە ئارەزووی کڕینی دۆلاریان بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی هەیە دەکاتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، بانکی رەشید لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، لە ئەمشەوەوە گەشتیاران دەتوانن بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی دۆلار بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی بکڕن.
دەشڵێت، ئەم میکانیزمە نوێیە پێویستی بە کڕینی پێشوەختە هەیە و ئەوەش لە رێگەی لینکێکەوە ئەنجامدەدرێت کە لە پەڕەی فەرمی بانکەکەدا دانراوە کە مافی ئەوە بە کڕیاران دەدات سەردانی لقەکانی بانکی رەشید بکەن و پارە دینارەکانیان بە کاش پێشکەش بکەن و لە بەرامبەردا دۆلار لە رێگەی لقی بانکەکە لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدادا وەربگرنەوە.
باسی لەوەش کرد، ئەم رێکارە کڕینی دۆلار بۆ هاوڵاتییان و گەشتیاران ئاسانتر دەکات و هەوڵدەدەن بە شێوەیەکی راست و دروست زانیارییەکان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەک لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دراودا روو نەدات.
