فەرەنسا دەیان کەسی بەتۆمەتی دەستدرێژی سێکسی بۆسەر منداڵان دەستگیرکران
لەم هەفتەیەدا دەسەڵاتدارانی فەرەنسا 80 پیاویان دەستگیرکرد، کە گومانیان لێدەکرا بەشدارییان لە چالاکییەکانی هەراسانکردنی سێکسی منداڵان کردبێت.
کانتان بیڤان، بەرپرسی ناوەندی ئۆپەراسیۆنەکانی فەرمانگەی نوێی نەوجەوانانی پۆلیسی دادوەری کە هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنەکەی کردووە رایگەیاند، ئەم ئۆپەراسیۆنە قەبارەیەکی بێ وێنەی لە فەرەنسا هەبووە.
گوتیشی: لەم ئۆپەراسیۆنە پۆلیس ئەو کەسانەی کردە ئامانج کە بەرکەوتنی بەردەوامیان لەگەڵ منداڵانی خوار تەمەنی یاساییدا هەبووە.
لەو چوارچێوەیەدا دوو مامۆستا دەستگیرکران، جگە لە راهێنەری وەرزشی و سەرپەرشتیارێک لە ماڵێکی تایبەت بە منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت.
بێڤان روونیشیکردەوە، یەکێک لە مامۆستاکان "وێنە و ڤیدیۆ کلیپی خوێندکارەکانی دزیوە کە واتایەکی سێکسییان هەبووە، ئەو رووێکی سێکسی بەو وێنانە بەخشیوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو مامۆستایە هەروەها تۆمەتبارە بە دەستدرێژی سێکسی بەلایەنی کەمەوە بۆسەر یەکێک لە خوێندکارە کچەکان.
هاوشێوەی ئەو، نزیکەی 10 لەوانەی دەستگیرکراون گومانی دەستدرێژی سێکسییان لەسەرە.
تەمەنی تۆمەتباران لە نیوان 30 ساڵیەوە بۆ زیاتر لە 60 ساڵە و پیشەی جیاوازیان هەیە، بە گوتەی ئەفسەری پۆلیس کە ئاماژەی کردووە، "هیچ وەسفێکی تایبەت نییە بۆ ئەوانەی بەشدارن لە تاوانەکانی دژی منداڵان"، بەڵکو لە هەموو گروپە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکانەوە دەیاندۆزینەوە.
