لە ڕێوڕەسمێکی رەسمیدا لەکۆشکی سەرۆکایەتی لە قوبرس پێشوازی لە سەرۆک کۆمار کرا
لە رێوڕەسمێکی رەسمی پڕ شکۆدا ئەمڕۆ دووشەممە 11-12-2023 لە نیقۆسیای پایتەختی قوبرس و لە کۆشکی سەرۆکایەتی پێشوازی لە سەرۆک کۆمار د. لەتیف جەمال رەشید کرا، کە لەسەر بانگهێشتی سەرۆک کۆماری قوبرس بەڕێز نیکۆس خریستۆدۆلیدس سەردانی ئەو وڵاتە دەکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار لە پێشوازییەکەدا هەردوو سروودی نیشتمانیی کۆماری عێراق و کۆماری قوبرس لێدرا ، پاشان هەردو سەرۆک پاسەوانی شەرەفیان پشکنینی .
دواتر سەرۆک کۆمار تاجە گوڵینەی لەسەر پەیکەری یەکەمین سەرۆک کۆماری قوبرس ئەلقۆس ماکاریۆسی سێیەم دانا دوای ئەوە هەردوو سەرۆک تەوقەیان لەگەڵ ئەندامانی وەفدی عێراق و ئەندامانی وەفدی پیشوازیکاری حکومەتی قوبرس کرد کە بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی هەردوولا ئامادەبون.
لە میانی سەردانەکەدا سەرۆک کۆمار گفتوگۆی دووقۆڵی لەگەڵ سەرۆک کریستۆدۆلیدس دەکات و تیشک دەخاتە سەر سروشتی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و قوبرس و ڕێگاکانی پەرەپێدانیان بە شێوەیەک کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو وڵاتی دۆست بەدیبهێنێت.
